menusearch
ku.bnkayjin.com

سروشتی ژیان و ناجێگریی دەروون...

Ku | Fa
1/14/2024 11:11:00 PM
(0)
(0)
سروشتی ژیان و ناجێگریی دەروون...
سروشتی ژیان و ناجێگریی دەروون...

سروشتی ژیان و ناجێگریی دەروون
شلۆقی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و نادڵنیایی،بەچی گەیاندین؟!

 

نووسینی/ھیوا عومەر


بەشی یەکەم

 

پاشخانێکی کورتی مێژوویی:

 

ئەگەر بڕوانینە مێژووی فۆرمەکانی بەیەکەوە ژیان و رێکخستنی پەیوەندی نێوان “ژن و پیاو” و ژیانی ھاوبەش، دەبینین لە دۆخێکی گۆڕاودا بووە، پەرەسەندنی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینیوە. ھەرچەندە بەر لە ساڵی ١٨٦٠ ھیچ توێژینەوە و باسێک لە بارەی مێژووی خێزانەوە لە ئارادا نەبووە. ئەمەش لە ژێر کاریگەری ئەو سەردەمەدا بوو، کە ھەرپێنج گەشتنامەکەی موسا “تەورات” دەستی بەسەر مێژووداگرتبوو. ھەروەھا ئەو دەم “خێزانی باوکسالاری” لە چەقی ڕەوایەتپێدان بووە و بە کۆنترین فۆرمی خێزان دەست نیشانکراوە.

ئەو دیدە بە جۆرێک وێنەی ئەو فۆڕمە لە خێزان دەکات وەک پرسێکی نەگۆڕو دەرە مێژوو، جگە لە داننان بە بوونی فۆرمی سەرەتایی کە بە پەیوەندی “بەر بەرەڵایی” ناساندوویانە، کۆمەڵێک نێر و مێ تێکەڵی دۆخێکی فرە پەیوەندی بوونە.

ئەگەر بگەڕینەوە بۆ کتێبی “بنەچەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت”ی ئەنگلس دەبینین: «لەگەڵ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان لە مێژووی خێزان لە ساڵی ۱٨٦٥ لە کتێبی “مافی دایک”ی “باخۆف” (Johann Jakob Bachofen) پەیوەندییەکانی گەڕاندەوە بۆ چوار جۆر لە پەیوەندی، سەردەمی فەرمانرەواییی ژنان (ژینیکۆکراسی)، ئەو گۆڕانەکانی لە پەیوەندییە سەرەتایی و رێکنەخراوەکان بۆ تاک شوویی ھاوسەری و لە دایکسالارییەوە بۆ باوکسالاری بەتایبەت لە لای گریکەکاندا دەگەڕاندەوە بۆ خواوەندە نوێیەکان و بیروبۆچونە ئایینییەکان لە دەرەوەی پەرەسەندنەکانی مێژوو و گۆرانکارییەکانی ژیانی ماتریاڵی.”

ئەمەش رەنگدانەوەی بیروبۆچونە سۆفیانستییەکەی بوو، سەرەڕای گرنگی توێژینەوە و کارەکانی لە بارەی دەستنیشانکردنی منداڵ لە رێگەی ھێڵی دایک و شێوەکانی خێزانەوە، بەڵام دواتر “ئەنگلس” لە کتێبی بنەڕەتی خێزان رەخنەی لێدەگرێت لە ڕووی میتۆدییەوە. دواتریش کارەکانی”Mc Lennan”  کە شێوەی پەیوەندییەکانی دەگەڕاندنەوە بۆ سێ جۆری: “فرەژنیی، فرەمێردیی، تاکە ژن و مێردیی” بەڵام توێژینەوەکانی “مۆرگان” لە ساڵی ١٨٧١ بە ناوی سیستەمەکانی رەچەڵەک و خزمایەتی، سەرەرای رەتکردنەوەی بەشێک لە تێگەیشتنەکانی ماک، دەرگایەکی تازەی بۆ کردینەوە، دواتریش توێژینەوەیەکی تری ئەنجامدا بە ناوی “کۆمەڵگای مۆدێرن” لە ۱٨۷۷.

خێڵە سەرەتاییەکانی دۆزییەوە کە لەسەر بنەمای دایکسالاری دروست ببوون لەگەڵ فۆرمە سەرەتاییەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر رۆشناییی سەردەمەکانی دڕندایەتی، بەربەریزم، ژیاریی، بە گرێدانیان بە گەشەکردنی ھۆیەکانی بژێوی و زاڵبوون و دەست بەسەردا گرتنی سروشت، لە لایەن مرۆڤەوە.

ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو کۆپەیوەندییەکی گشتیدا گۆڕانکارییەکانی فۆرمەکانی پەیوەندی و بەیەکەوە ژیانی “ژن و پیاو” ھاوسەرێتی، لە دەرەوەی لێکەوتەکانی فکر و فەلسەفەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی دەوڵەت و کۆمەڵگەدا نەبووە.

لەم دۆخەدا: بڕیاری چۆنیەتی و چییەتی بەیەکەوە ژیانی دوو کەس چوارچێوەیەکی ئازادانە وەرناگرێت وەک لە ڕوکەشدا دەردەکەوێت بەڵکو ئەوە بەشێکە لە فەزای ڕۆڵی سوبێکت و ئۆبێکت کە مرۆڤ وەک ئۆبێکتێکی کۆنترۆڵکراو دەمێنێتەوە، لە ناو کۆپەیوەندییە سیاسی، ئابوری و ئاینییەکان. دەبێت بڵێین ئەم پرسە شایەنی ھەوڵی تیۆری زیاترە، ڕەنگە لێرەدا دەرفەت نەبێت لەمە زیاتر بپرژێینە سەری.

لەنێو ئەم ھەڵبەزین و دابەزینەدا: مێژووی گۆرانکارییەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی ھاوسەرێتی، سیستەمی سەرمایەداری و مۆدێرنەتە لە ماوەی سەدەی رابڕدوودا، زۆرترین کاریگەری بەرھەمھێناوە.

ھەرچەندە دامەزراوەی خێزان ھێشتا وەک پێویستییەکی مێژوویی نەتوانراوە جێگرەوەیەکی واقیعی ھەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دەزگایە وەک ناوەندێکی کۆمەڵایەتی وەکو ھەر پرسێکی تری جڤاکی گۆڕانکاری لە فۆڕم و ناوەرۆکدا بەرجەستەبووە.

لە زۆر روانگەی جیاوازدا دەتوانین لە بارەی تێگەیشتین لە دەزگای خێزان بدوێین، چونکە ھاوسەرێتی ھەم بابەتێکی کۆمەڵایەتی و کلتورییە و ھەمیش پرسێکی کۆنەستییە، لە لایەکی ترەوە پرسێکی تاکەکەسی و تایبەتیشە لەو روانگەیشەوە پێویستمان بە فرە میتۆدی دەبێت کە لە درێژەی بەشەکاندا بەکاری دەھێنین.                               

خێزانی کوردی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان

ژیانی ھاوسەرێتیی کوردی پێش ھەزاران ساڵ لەگەڵ گۆرانکارییەکان لە ژێرخانی ئابووری لە کۆمەڵگەی ڕاووەشکار دواتر بۆ کۆمەڵگەی کشتوکاڵی و شوانکارەیی و سەرەتاکانی دروستبوونی کۆمەڵگەی باوکسالاری، ئەم دامەزراوەیە وەک بەشێکی دانەبڕاو لەو کۆ پەیوەندییە سیاسی، ئابوری و کلتورییە گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە.

بە مانایەکی تر ئەم گۆرانکاریانە رەنگدانەوەی ھەبووە لەسەر فۆرم، ناوەرۆک، رۆڵی کۆمەڵایەتی، سیاسی، رووحی و پەیوەندییە سێکسییەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی.
ھۆکارەکانی پشت گەورەیی خێزانی کوردی لە رابڕدوو، فۆڕمەکانی ژن و ژنخوازی و خزمایەتی و ژن بە ژن و گەورە بە بچووک و ژن لە بەرامبەر خوێن و دووژمنکاری و فرەژنی و ژن ھەڵگرتن و ڕەدووکەوتن و رۆڵی دامەزراوە ئاینی و تەقلیدییەکان و فۆرم و ناوەرۆکی دروستبوونی بنەماکانی ھاوسەرێتی لە نێوان خۆشەویستی و جێبەجێکردنی ئەرکێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی یان تەنھا وەک پانتاییەک بۆ ئارەزووە سێکسییەکان، ھەموو ئەمانە دەبێتە چوارچێوەی بەشەکانی تری ئەم باسە، بە گرێدان بە دۆخی ھەنووکەییمان.

لە ئەمڕۆی قۆناغی ڕاگوزەرو گواستنەوەدا دامەزراوەی خێزانی کوردی و فۆرمەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە بەردەم ئارایشە و گۆڕانکاریی ھەمەلایەنە دایە، کە دابڕاو نییە لە لێکەوتەکانی پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری و مۆدێرنەتە و گەشەکردنی تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن و دروستبوونی بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بنەما کلتوری و کۆمەڵایەتییە لۆکاڵییەکانیش لە لاکەی تردا.

بە دیوێک ئەم دامەزراوەیە وەک پەناگەیەک دەبینرێت بۆ ژیانێکی ھاوبەشی پڕ لە ئارامی و ئۆقرەیی و پڕکردنەوەی پێداویستییە دەروونییە و رووحییەکانی مرۆڤ کە سۆزداری، سێکسی، پەروەدەریی و خستنەوە و پێگەیاندن و بەردەوامی رەگەزی مرۆڤایەتییە. بە دیوەکەیتردا ھەر لەناو زۆرینەی ئەم فۆرمە لە خێزانەدا شوێنێکیشە بۆ چەوساندنەوە و درێژکردنەوەی دەسەڵاتی پیاوسالاری و بەرھەمھێنانەوەی فۆڕمەکانی توندوتیژی و پەراوێزخستن …ھی ترە.

لە لایەکی تر ئەم دامەزراوەیە لە چوارچێوەی ئەو ھۆکارانەی باسکران لە بری بینینی وەک پەناگەیەک بۆ ئارامی و جێگیری دەروونی و خۆشەویستی، وەک سەرابێک و بەر پرسیارەتییەکی زیادە و نا پێویست تەماشا دەکرێت لەبەرامبەر گەشەکردنی فۆرمێک لە تاکخوازیی لیبرالی و دۆخی پەیوەندییە زوو تێپەرەکان لە میانەی فراوانبوون و ھەڵکشانی ئارەزوو لەسەر حیسابی خۆشەویستی لە جیھانی بازاری سەرمایەداریدا.

لەم ڕۆژگارەدا، لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دڵنیاییی کۆمەڵایەتی وشلۆقییەکەی لە سیاقی دۆخێکی گشتیدایە. ئەوە جیاوازترە لە حاڵەت و ھەندێکجار دیاردەی ھەڵوەشاندنەوەی ژیانی ھاوسەریێتی، کە لە ئێستادا ھەڵگری دوو ڕوخسارە؛ ڕوویەکی لە یەککاتدا ھەم پرسێکی زۆر کەسی (personality) ھەمیش رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی دەرەوەی خێزانە لە چوارچێوەی دۆخە گشتییەکە، لە ڕووەکەی تریشی جۆرێکە لە ھۆشیاربوونەوە.

 

 

 

سەرچاوەکان :

ــ بنەچەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت، فریدریک ئەنگلس، و. کریم مەلا رەشید.

–    Liquid Love_ On the Frailty of Human Bonds — Zygmunt Bauman — ١, ٢٠٠٣ — Polity — ٩٧٨٠٧٤٥٦٢٤٨٨٤.pdf

–    الحب السائل، عن ھشاشە الروابگ الانسانیە.

–    Precariat/The New Dangerous Class/London, ٢٠١١

mail