menusearch
ku.bnkayjin.com

پەیکەری ئابووری و سروشتی ژیانی کۆمەڵایەتی و دەروونیمان ؟

Ku | Fa
1/14/2024 11:36:00 PM
(0)
(0)
پەیکەری ئابووری و سروشتی ژیانی کۆمەڵایەتی و دەروونیمان ؟
پەیکەری ئابووری و سروشتی ژیانی کۆمەڵایەتی و دەروونیمان ؟

پەیکەری ئابووری و سروشتی ژیانی کۆمەڵایەتی و دەروونیمان ؟

 

نووسینی/ھیوا عومەر


بەشی دووەم و کۆتایی:


لەم چەرخەدا، ئێمە ڕووبەڕووی دوو دیاردەی مەترسیدار دەبینەوە،کە خۆی دەبینێتەوە لەم خاڵانەی خوارەوە:


یەکەم: نەمانی ئاسایشی کار و ئابووری و دڵنیایی کۆمەڵایەتی.


دووەم: تێکچوونی سروشتی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی،دەروونی،سۆزداری و خێزانییەکان.


ئەم دیاردانە گرێدرا و بەرھەمھێنراون و ناتوانین لە دەرەوەی لێکەوتەکانی کرۆکی بونیادی سیستەم و مۆدێرنیتە و دۆخی سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی، تێیان بگەین.

” پرۆلیتار ھیچ موڵکیەتێکی نییە، بۆیە چیتر ھیچ شتێک پەیوەندی ئەو بە ژن و مناڵەکەیەوە لەگەڵ پەیوەندییەکانی خێزانی بۆرژوازی کۆی ناکەتەوە.” … ”بۆرژوازییەت ھەموو پەردەیەکی سۆزداری (عاتیفی) لە خێزان دادڕی، پەیوەندی خێزانیشی کرد بە پەیوەندی پارە.”  (مانیفێست، ١٨٤٨)
ئەم ھەڵێنجانەی کرۆکی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکان لە لای مارکس و ئەنگلس، نزیکەی دوو سەدە پێش ھەموو ئەو توێژینەوانە دێت، کە ئاماژەمان پێ کردوون. ھەروەھا نزیکەی دوو دەیەش پێش سەرەتای نوسینەوەی مێژووی پەیوەندییەکانی ژن و پیاو دێت، کە لە دوای ساڵی ١٨٦٠ دەسپێدەکات، لە بەشی یەکەمدا خرایەڕوو؛ ناوەرۆکی ئەو خەمە جڤاکییە و زیندوویەتی فەلسەفە و میتۆدی ھیومانیستیی ئەوان بوو کە توانی درک بە زۆر کەلێن و قەیرانەکانی کۆمەڵگە بکەن. ئەمرۆ زیاتر لێکەوتەکانی دەبینین و رۆژانە بەردەرگەی لێگرتووین.

ھەموو ئەو توێژینەوانەی دوای ئەوان دێن و لێرە باسمانکردووە لە دەرەوەی کاریگەری ئەو فەلسەفەیە ھیومانییەدا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەوەشمان بیربچێت مارکس ھەم وەک فەیلەسوفێکی ھیومانستی ھەم وەک سۆسیۆلۆگێکە ھەر بۆیەش ناتوانین بچینە دەرەوەی ئەو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وەک مۆرگان دەڵێت: ”داری ژیان ھەمیشە سەوزە و تیۆریش خۆڵەمێشی” یە.
لەو بارەیەوە ھەردوو نووسەر و سۆسیۆلۆگ ” گای” و ”زیگمونت باومان” کۆمەکی زۆرمان دەکەن.

پەیکەری ئابووری و لێکەوتەکانی لەسەر پەیکەری ژیانی کۆمەڵایەتیمان:

دەبینین نزیکەی سەدەیەکە گۆڕانکاریی گەورە بەسەر پێگەی کرێکار و رۆڵی لە کەرتەکانی بەرھەمھێنان و ژینگەی کار لە خۆرئاوا و تەواوی جیھان دروستبووە. پاشەکشەی ھەلی کار لە کەرتە گەورەکانی پیشەسازی و ھاتنی تەکنەلۆژیای تازە و دروستبونی قەیرانەکان و فەرزکردنی مۆدێلی لیبراڵیەتی نوێ و لەشکری بێکاری و پەراوێزخراوەکان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر ھەڵدەکشێنێت و فراوانتری دەکات.

تێگەیشتن و شیکردنەوەکان لە ئاستی ھزری و تیۆری بەردەوام بووە نەوەستاوە، لەبەرامبەر دروست بوون و ھاتنەپێشی واقیعی نوێ، ئەمەش بەشێکە لە سروشتی ململانێکان و پەیوەندی دیالەکتیکی نیوان تیۆر و واقیع .
ھەڵکشانی جیاوازییە چیناتییەکان و دروستبوونی دیاردەی پەراوێزخستن و لێکەوتەکانی لەسەر باری کۆمەڵایەتی، بەردەوام جێگای مشتومڕ بووە. یەکێک لەوانە ”گای ستاندنغ” مامۆستای زانکۆ لە بەریتانیا لە ساڵی ٢٠١١ بە ”پریکاریات” ناویان دەھێنێت. یەکەم جار ئەم وشەیە دەچێتە فەرھەنگی زمانی ئینگلیزی بەشێوەیەکی فەرمی لە ساڵی ٢٠٠٤ دەبێت. یەکەم کتێبیش لە لایەن گای( Guy Standing)، بە ناوی The Precariat/The New Dangerous Class/London, ٢٠١١ بە دروستبوونی چینی کرێکاری تازەی مەترسیدار بە ”پریکاریات” ناویان دەبات بڵاو دەبێتەوە. پریکاریا، ئەوانەن کاری ھەمیشەییان نییە و بە دۆخی سەختی ھاوچەرخی کار و نا سەقامگیریی ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی گوزەردەکەن، ئەمەش وایکردووە ڕووبەڕووی نائومێدی و توڕەییەکی گەورە ببنەوە، لە ئاستی کۆمەڵایەتی و دەروونی و سیاسیدا.لەم چەرخەدا، ئێمە ڕووبەڕووی دوو دیاردەی مەترسیدار دەبینەو
لەو بارەییەوە تێگەیشتنی جیاواز ھەیە، ئایا پریکاریا تاچەند چەمکێکی زانستییە؟ ئایا ھەر چینی کرێکار نییە لە دۆخێکی خراپتری تازە وەک بەرھەمی سەردەمی نیولیبرالیزم و نەمانی ھیچ سنورێک لەبەردەم ھەرەشەکانی سەرمایەداری بۆسەر ژینگەی کار و ژیان و بەھا مرۆییەکان؟ لێکەوتەکانی  لە دروستبوونی نائومێدی و باری دەروونی و تورەیی لە غیابی بینین و خوێندنەوەی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە لە ئاستی سیاسی و حزبی و ھزرییەوە لە کن چەپ و ھێزە ئازادیخوازەکان و مانەوە لە دۆخی بەر لە فۆرمەلەبوون .
لەو سەردەمەدا، ناسەقامیگری و غیابی ھەموو دڵنیایەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی رۆژ لە دوای رۆژ لە ھەڵکشاندایە، بەدوای خۆیدا، دروستبونی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیی نێونەتەوەییی نوێ ھاتووەتەکایەوە، کە لە دوو ساڵی رابردوو لە میانەی زنجیرەیەک وتار، شوناس و ژینگە و جیاوازییەکانی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی سەدەکانی رابردوو، خستومەتەڕوو، لێرەدا جێگای نابێتەوە.

 

ژینگەی کار و ژیانی کۆمەڵایەتی لەم ناوچەیەدا:
لە وڵاتانی خۆرھەڵات وجیھانی سێیەم، بەتایبەتی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست و عێراق و کوردستان دۆخەکە زۆر لەوە ئاڵۆزتر و فرە قەیرانترە بۆ چینی کرێکار و زۆرینەی ھاوڵاتییان. ئەگەر لە خۆرئاوا جۆرێک لە ژیانی دامەزاروەیی و سەقامگیری مابێت و مافەکانی کرێکاران بەشێکی جێگیر کرابێت بەھۆی تێکۆشانی ھێزە چەپ و سەندیکاکان، ئەوا لەم ناوچەیە ھیچ یەک لەمانە بوونی نییە. کرێکار لە کەرتی تایبەت رۆژانە شکۆی مرۆیی و بەھاکانی وردوو خاش دەکرێت،ھۆشیارییەکی وەھای ساختەش دروستکراوە نابێت بابەت لە ژیانی سیاسی و میدیایی لەناو فەزای گشتیدا.
ئەگەر وێنەگەورەکە وەک خۆی ببینین لەجەوھەردا شتێکمان نییە بە ناوی کەرتی تایبەتی رێکخراو، ئەوەی ھەیە دەتوانین ناوی بنێن ”کەرتی کەسی”یە واتە سەرمایەدار و خاوەنکارەکان خۆیان یاساکانی کار دادەنێن لە شوێنەکانی کاردا، وەک کاڵایەک پر بە باڵای خۆیان دای دەتاشن. ڕەوشی کرێکارانی کەرتی تایبەت لەم دۆخەدا، جۆرێکە لە کۆیلایەتی تازە، یا کۆیلایەتی لە ژینگەی کاری تازەی بەرھەمھێناوە. ئەگەر لە ئاستی چوارچێوەی یاساییش بەشێک لە مافەکانی کرێکاران دانی پێدانرابێت بەڵام لە باری واقیعی ژینگەی کاردا ھیچ زەمینەیەکی جێبەجێکردنی یاساکان دروستنەکراوە و دەسەڵاتی جێبەجێکردن حکومەت بەقەد ئەوەی رۆڵی دەسەڵاتی پاسەوانی سنور دەبینێت ژینگەی کاری وەک بازاری ئازاد جێھێشتووە بۆ بەرژەوەندی خاوەنکارەکان.

ژینگەی کاری (کرێکارانی مێینە و بیانی)

بۆ کرێکارانی مێینە چەند بار دۆخەکە سەختر و خراپترە، بەجۆرێک جگە لە ھەڵاواردن لەسەر بنەمای جێندەری بە پێی راپۆرتەکان زۆرینەیان ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی و ھەراسانکردنیش دەبنەوە و وەک بوکەڵەیەکی سێکسی تەماشادەکرێن سەرباری چەوساندنەوەیان لە دۆخە گشتییەکەدا .
بۆ کرێکارانی ھاوردە (بیانی) قوڕەکە زۆر خەستتر دەبێتەوە، ئێمە رۆژانە دەبینین چۆن وەک کۆیلە مامڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لەماڵ و شوێنەکانی کار پاسەپۆرتەکانیان دەستی بەسەردا دەگیرێت و لە نێوان کۆمپانیاکان، بە چەندین دەست دەفرۆشرێنەوە، وەک کاڵاکانی تری بازار.
دەتوانین لە زۆر لایەنی تر و بە فراوانی و وردی لێکدانەوە بۆ ئەم دۆخە گشتی و تایبەتییە و گۆرێنی پەیکەری ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی بکەین لەسەر چارەنووسی مرۆڤایەتی، بەڵام لێرەدا فۆکسمان لەسەر لێکەوتەکانیەتی لەبارەی چارەنووسی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی دەروونی و سۆزداری لە ژێر کاریگەری ئەم دۆخەدا.
لە کوردستان ئامارەکان رێژەی بێکاری بەتایبەتی لەناو گەنجان بە ٢٥% بۆ ٣٠% دیاری دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی لە کاردان و کاریان دەست کەوتووە رۆژانە لە ژینگەیەکی نا ئارام و بەبێ بوونی ھیچ ئاسۆیەک و لایەنی کەمی دڵنیایی ئابوری و کۆمەڵایەتی ژیانی رۆژانەیان ئەزموون دەکەن، تەنانەت ھیچ سوکنایییەک شک نابن و ناتوانین پێشبینی بکەین سبەینێ لەسەر کارەکەمان بەردەوام دەبین یان دەردەکرێن، یاخوود کاتەکانی کارکردنمان چەندێک زیاد دەکات لەگەڵ دابەزینی مووچەکانمان.
لە دوای قەیرانە ئابووری و داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە دەیەی رابردوو تا ئەمرۆ پڕوشکی ناسەقامگیری ژینگەی کار و ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو ھەزاران گەنج و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان پەڕیوەتەوە بۆ ناو زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکارانی کەرتی گشتی ( فەرمانبەران و خانەنشینان) بەھۆی دابەشنەکردنی مووچە و ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەیان، ئەوانیش ئەوەی پێشتر دڵنیابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان لە کۆتایی مانگ، کۆتایی ھات.
سەردەمەکە تەواو گۆڕاوە بەرەو ئاوابوون و نەمانی ھیچ دڵنیاییەک بۆ کار و ژیان و مووچە و بیمە کۆمەڵایەتییەکان لە کەرتەکانی گشتی و تایبەتی.
بە پێی ئامارەکان ھیچ سەردەمێک بەقەد ئەم چەرخە ژمارەی بێکاری و گرێبەستی کارکردنی کاتی و کارکردن بەشێوەی (نیوەکار _ بەشەکار _ بە کاتژمێر) لە ھەڵکشاندا نەبووە لەبەرامبەر ئاوابوونی خۆری کاری بەردەوام .
ئەم دۆخە ناسەقامگیرەی کارکردن بێ کاریگەری نابێت لەسەر سەقامگیری لە ئاستی دەروونی تاک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی و ژیانی ھاوسەرێتی. کەم نینین ئەو توێژینەوانەی لەم دە ساڵەی ڕابردوو ئەنجامدران لەبارەی لێکەوتەکانی قەیرانی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لەسەر ھەڵکشانی رێژەی جیابوونەوە لە لایەک و دوورکەوتنەوەی گەنجان لە پێکھێنانی ژیانی ھاوسەرێتی و چونە ژێر باری بەرپرسیارەیی و بنیاتنانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی سەقامگیر و دوور مەودا.

شلۆقی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی خۆشەویستی؟

لەم دۆخە نا جێگیرەدا، توانای بنیاتنانی خۆشەویستی لە چوارچێوەی سەقفێکی دیاریکراو، کە بەر پرسیاریەتی و پشوو درێژی پێویستە دەبێتە بابەتێکی لاوەکی، بەمەش ئەولەویەت بۆ پێداویستی تر دروست دەبێت ھەروەک ”ئەبراھام ماسلۆ” لە ھەڕەمەکەیدا باسی دەکات .
ئەو ناسەقامگیرییە، تورەیی و نائومێدییەکی بەرفراوانی دروستکردووە لە شەقامەکان و شوێنە گشتی و تایبەتییەکاندا لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، رۆژانە بەری دەکەوین.
جگە لە لێکەوتە دەروونییەکانی ئەو دۆخە لەسەر تێکچوونی ھاوسەنگی مرۆڤ و ژیانە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکەی، جەوھەری پەیوەندییەکانیشی کرد بە پەیوەندی پارە، ئەمەش پەیوەندییەکان لە دۆخی چارەنووس و ناسنامەی ھاوبەش دەگۆرێت بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی ھاوبەش، کە ھێڵی پەیوەندییەکە پارە و ژیانی تایبەتی مادییە بە مانا تاکگەراییە لیبراڵەکەی.

لە وەھا دۆخێکدا سروشتی ژیانی کۆمەڵایەتی مەحکوم دەکرێت بەگۆرانکارییەکانی پەیکەری ئابوری لیبراڵیەتی نوێ، ھەمووشتێک وەردەگڕێت بۆ کاڵا و مرۆڤی بەکاربەر و بەرخۆر، خۆشەویستی و کامەرانیش شوناسی دەگۆڕێت بۆ کاڵا، دەکرێت لە بازاردا لە ناو تەکنیکە تازەکانی تەکنەلۆژیا بە پارە بیکڕین لە بڕی بوونی ھیچ سەلیقە و وزەیەکی مرۆیی بۆ بنیاتنانی.
خاڵە جەوھەرییەکەش ئەوەیە کاتێک ھەموو ژیانی مرۆڤ کورت دەکرێتەوە لە دەستکەوتنی کارێکی ناچاری لە پێناو گەیشتن بە بڕێک پارە، مرۆڤ لەم دۆخەدا بەر دۆخە نامۆیییەکەی دەکەوێت و تێدەگات ئەو خاوەنی ھیچ شتێک نییە و نامۆیە بە خودی تواناکانی خۆی و کار و ژیانیشی.

” بەکاڵاکردن و بزنسکردنی چێژ ماناکانی شادومانی زەوت کردووە بەو شادییەی بەستووەتەوە، کە بەکاربەر و چێژ لێبەرەکەی چەند ساتێک پێویستی پێیەتی و بەس، ئەوان نەیانویستووە تەکنیک بخەنە خزمەت شادییەکی ئینسانیی درێژخایەن کە بە ھۆیەوە کولتوورێکی ھەزاران ساڵە لە شەرانگێزی و کاوەلکاری پێ لە گۆڕ دەنێین، تەنھا ئەوەندەیان لە تەکنیک و تەکنەلۆژیا دەوێت بۆ ماوەیەکی کورت دڵ و دەروونی مرۆڤەکان بحەسێنێتەوە و بگرە شادمانی و خۆشویستنیش بونەتە کاڵا و وەک کەلوپەلەکانی تر دەکڕدرێن. ئەمەش لە بنچینەدا جۆرێکە لە فرۆشتنی خۆشەویستی و شادومانی نەک بەرھەمھێنان و وەبەرھێنانی بەردەوام”. (د. محەمەد تەھا، سایکۆلۆژیای خۆشەویستی؛ ل ١٨٥) ئەم پەڕەگرافە تێکەڵەیەکە لە دیدێکی سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژی بۆ دۆخی ھەنووکەیمان و ماناکانی کامەرانی لەناو تۆڕەکانی کۆ پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و تەکنەلۆژییەکانی سەردەم.
ژیانی ئەمرۆ بەجۆرێک دیزانکراوە ئەو بەھا ئازادی و مرۆییانەی لە سەدەکانی ڕابروو بنیاتنرا بە ئاسانی و بەبێ ھیچ بەرگرییەک مرۆڤ دەستبەردارییان دەبێت.

بەشێکی ئەم وێنەیە، سەرچاوەکەی لەو ھەستە (fake) ساختەوەیە کە سیستەمی باڵادەست بە ئێمەی بەخشیوە، بەوەی دەکرێت داھاتوومان لە ساییەی لیبراڵیەتی نوێ و جیھانی بەشتبوون باشتربێت، جیھانێک مرۆڤ لە بکەرێکی کاراوە کوتکراوەتەوە بۆ مرۆڤێکی بەکاربەر و بەرخۆر و ئۆبێکتێکی کۆنترۆڵکراو.
ھەستێکی گشتی و تاکی ھەیە بەوەی سبەینی لەمرۆ و لە دوێنی باشتر دەبێت بەبێ ئەوەی پێویست بکات ئێمە دارێک لەسەر بەردی تێکۆشان دابنێن، ئەم ھەستە بەشێکە لە ھەڵکشانی ئارەزوو (رغبە) لە جیھانی دیموکراسی بازاردا، بەوەی چەندێک کات و رۆژ بەکاربەرین وەک ھەڵکشانی ئارەزوومان بۆ کاڵای مۆڵەکان دەکرێت ئێمە دڵخۆشترببین...

 

 

 

سەرنجی بەکارهێنەران
*ناوی یەکەم و ناوی کۆتایی
* ئیمەیڵ
* دەقی پەیام

بە نزیکی
*ناوی یەکەم و ناوی کۆتایی
* ئیمەیڵ
* دەقی پەیام

0 بۆچوون