مرۆڤ و ژینگە لە زاگرۆس، بەر لە ١٠ هەزار ساڵ..
بەشی یەکەم:
نووسین و ڵێکۆڵینەوە/ هەڵکەوت محەمەد پشدەری
زاگرۆس بە هەردوو دیوی ڕۆژهەڵات و باشووریدا تەوەری لێکۆڵینەوەکانی گۆڕانی کۆمەڵگەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵە ڕاوچییەوە بۆ کشتوکاڵ بووە. تێڕوانینی "رۆبەرت برایتوود"بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی ئەو گۆڕانە ڕوویداوە، ئەوەبوو لە کۆمەڵە سەرەتاییەکانی کشتوکاڵ لە دامێنی چیاکانی نیمچەکەوانۆکەی بەپیت وەکو زاگرۆس و تۆرۆس، بگەڕێین. لەوێدا، لە چاخی بەردیندا ڕووەکە خۆڕسک و ئاژەڵە کێویەکان ماڵییکراون. گەڕانەکانیشی لە چەرمۆ و کەریم شەهر لە باشوور و دواییش لە ئاسیاب و سەراب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئینجا کارەکانی بەر لە تەواوبوونی بەنداوی دوکان لە شمشارە، بۆ گەیشتن بەو تێگەیشتنە بوو.
دوایی کارەکانی ڕالف سۆلیکی لە شانەدەر، زاوی چەمی شانەدەر، پاشان لەودیو لە تەپە گوران،عەبدول حوسێن و گەنج دارە، زانیاری بە نرخیان لە شێوازی نیشتەجێیەکان، بیناسازیی، ناشتنی مردوو و تۆڕی ئاڵوگۆڕی کەلتووری بەر لە ٨٠٠٠ ساڵ، بۆ دەرخستین.لەگەڵ ئەوانیشدا، توێژینەوەکان لە چۆغە میش، چۆغە سەفید و دا لوران هیچیان لەوانەی سەرەوە کەمتر نەبوو. لە نێوان ١٩٧٩ تا ٢٠٠١ توێژینەوەکان لە ئێران راوەستابوون، دوای ئەوە شوێنەوارەکانی وەکو چیای سەوز، چۆغە گوڵان و تۆلی باشی شوێنەواری دیکەی هینایە بەردەم توێژەران. لە دوای ٢٠٠٧یشەوە پرۆژەی توێژینەوەکانی ناوەڕاستی زاگرۆس لە نێوان بەریتانیا، ئێران و عێراق هەیە و کاری زۆریان ئەنجامداوە.
تەواوبوونی چاخی بەستەڵەک و هاتنی کەشوهەوای لەبار ئاستی گژوگیای لە ناوچەکانی زاگرۆس زۆر کرد، سەوزایی تەواوی ناوچەکەی داپۆشی و پرسیاری ئەوە دێنێتە پیش دەبێ ئەو گۆڕانەی کەشوهەوا چۆن کاریگەری لەسەر دەرکەوتنی کشتوکاڵ و نیشتەجێی مرۆڤ هەبووبێ؟ گۆڕانەکانی کەشوهەوا بە پشکنینی نموونەکانی گڵی ژێر ئاو و دەریاچەکانی زێریبار، میراباد و دەریاچەی ورمێ دەزاندرێ. لەوێوە دەکرێ بە دوای یەکەمین ماڵییکردنەکان، هەڵسوکەوتی چاندن و دروێنە و بڵاوبوونەوەی بە ناوچە جیاجیاکانی دەورووبەریاندا، بگەڕێین.
گۆڕان لە پێوەندی نێوان مرۆڤ و رووەک و مرۆڤ و ئاژەڵ خاڵێکی سەرەکیی دەرکەوتنی نیشتەجێیەکانە. دەبێ ناوچەکانی ناوەڕاستی زاگرۆس، خاکی گەنمی خۆڕسک و بزنە کێوی، چەند ڕۆڵی لە نیشتەجێبوونی مرۆڤی دێرین هەبووبێ؟ چونکە گەورەترین ناسنامەی شۆڕشی کشتوکاڵ دەرکەوتنی نیشتەجێ هەمیشەییەکانی مرۆڤە. توێژینەوەکەمان لە شوێنەواری شێخی ئاباد لە بەرزیی( ١٤٣٠)مەتر لە ڕووی دەریا و بێستانسوور لە بەرزیی ٥٥٠ مەتر لە ڕووی دەریا، دەکۆڵێتەوە. پێشتریش ناوچەی زارزی نزیک چەمچەماڵمان خستبووە ناو لێکۆڵینەوەکانمان.
لە بەرزاییەکانی زاگرۆس، شیکاریی پاشماوەکانی ڕووەکی سووتاو لە شوێنەواری شێخی ئاباد نیشانی دەدەن گیای وشکانی و دەم ئاو لە نزیک ئەو شوێنەوارە هەبوون. زۆر ڕووەک هەبوون تۆویان گەورە بووە، لەوانەیە بە تایبەتی ئەوانەیان کۆکردبێتەوە. بەڵام دوولەپەکان نەبوون، زۆرترین جۆری ڕووەکەکانیش لە شوێنێکدا، بەر لە (٨٠٠٠ )ساڵ بووە. بەڵگەی هەبوونی گەنم، جۆ، بستە و بادام دەست کەوتووە. هەبوونی پاشەڕۆی مشکی ماڵان بەڵگەی ئەوەیە خواردن لەو شوێنەوارە بە درێژایی ساڵ هەڵگیراوە. لە ساڵی ٧٥٩٠ی بەر لەزایین بە دواوە پاشماوەی ڕووەکی سووتاو تەواو کەم دەبێتەوە، یەک جۆری ئەو ناوچەیە دەمێنێتەوە کە ئاژەڵان خواردوویانە و دواتر تەپاڵە و پشقلی ئەوان، سووتێندراون. بەڵام توێکڵی خێزانی گوێزەکان لە خۆڵەمێشەکاندا ماون، کەواتە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ماڵیکردنی بەرهەم و بەڕێوەبردنی ئاژەڵان لە نزیکەی. ٧٦٠٠ پێش زایین، سەرچاوەیەکی گرنگ بووە .
لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شێخی ئاباد، لە شوێنەواری جانی، چەند چینێکی خۆڵەمێش و پاشماوەکان هەن و یەکەمین بەڵگەن تەپاڵەی ئاژەڵان وەکو سووتەمەنی بەکارهاتوون و بۆ ٨٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕیتەوە. ئەمیشیان واتای ئەوەیە جۆرێک لە بەڕێوەبردنی ئاژەڵان لە ئارادا بووە. بە دۆزینەوەی بەڵگەی سووتاندنی تەپاڵە، هەردوو شوێنەواری شێخی ئاباد و جانی، ئینجا گەنج دارە ٧٩٠٠ ساڵ بەر لەزایین، دەیسەلمێنن ماڵییکردنی ئاژەڵان لە بەرزاییەکانەوە بەرەو دەشتاییەکان چووە. بەڵگەی بەڕێوەبردنی مەڕوماڵات لە بێستانسوور بۆ ٧٦٠٠ ساڵ، لە عەلی کۆش بۆ ٧٥٠٠ ساڵ و لە چەرمۆ بۆ ٧٠٠٠ ساڵ بەرلە زایین دەگەڕێنەوە.
لە دامێن چیاکانی زاگرۆس، دۆزینەوەی پڕبایەخمان لە بێستانسوور ی تەمەن(٧١٠٠ )تا(٧٧٠٠ )ساڵ بەر لە زایین، دەست کەوتووە. شوێنەوارەکە نزیکی کانی ئاوە، لە دامێن چیایە و دەشتایی شارەزووری بە پیتی، لە دەورە. لەوێ ١٣ چاڵمان بە ڕووبەری(٢٥٠٠٠)مەتر دووجا، هەڵکۆڵی. لەوێ سەرەڕای شوێنی کار، گۆشت داماڵین و چێشت لێنان، خانوو و پێکهاتەی خشتی قوڕ دۆزرانەوە. لە ژیر زەوی ژوورێکیان سەروو ٢٨ گۆڕی مرۆڤمان دۆزییەوە. هێشتنەوەی بزنە مێ بۆ تەمەنی گەورە واتای ئەوەیە بۆ شیردان و بەچکە گەورەکردن هێڵدراوەتەوە، واتا وەکو گەنج دارە، بەڕێوەبردنی مەڕوماڵات و مێگەل هەبووە.
بەڵام لەو کاتەدا مەڕ جارێ ماڵیینەکرابوو، چونکە تەنیا ئێسقانی بەران دۆزراونەتەوە، واتا ڕاوکراون.
لە پاشماوەکانی بێستانسوور دەردەکەوێ نیشتەجێیانی ئەوێ سوودیان لە زۆر سەرچاوەی خواردن وەرگرتووە. بۆ نموونە، بڕێکی زۆر لە هێلکە شەیتانۆکە، باڵندە، قرژاڵ، ماسی و زۆر لە شیردەرەکان. دەستکەوتنی ئەو هەموو جۆرە خواردنە لەبەرئەوە بووە نیشتەجێ بوون ودەستیان بەو سەرچاوانە گەیشتووە، یان هاوکاری کۆمەڵگەی دیکەی ناوچەکە بوون و ئاڵوگۆڕیان لە نێواندا هەبووە. لە شمشارە، لە دەم ئاو و نزیک بەرزاییەکانی زاگرۆس و لە ناو پانتاییەکی زۆری زەوی تەخت، بەراز زۆرترین خواردنیان بووە. لە پاڵیدا، هەندێک شیردەر، باڵندە، ماسی و گوێز، بادام و هەندێک دانەوێڵە، خوراون. جیاوازی نێوان سەرچاوەی سەرەکیی خواردن، لە بەرزاییەکان بزن، لە بێستانسوور مەڕ و لە شمشارە بەراز بووە، دابەزین بۆ دەشتایی نزمتری نەمریک و قرمز دارە، ئاسک زۆرتر خوراوە. کەواتە لە ناوچەکانی زاگرۆسدا، هەر شوێنەی بەپێی هەبوونی سەرچاوەکانی دەورووبەری، زۆرترین سوودی وەرگرتووە.
سەرچاوە:
بە نزیکی *ناوی یەکەم و ناوی کۆتایی * ئیمەیڵ * دەقی پەیام |