مرۆڤ و ژینگە لە زاگرۆس، بەر لە ١٠ هەزار ساڵ
بەشی دووهەم:
نووسین و ڵێکۆڵینەوە/ هەڵکەوت محەمەد پشدەری
ئەگەر لە پێناو توێژینەوە لە سیستەمە ژینگەییەکان، زانیاریی ژینگەیی و بەرزیی شوێنەوارەکانی زاگرۆس لەسەر نەخشەیەک دابنێێن، ئەوا دەردەکەوێ لە چاخی هولوسین (واتا دوای چاخی بەستەڵەک – نزیکەی ١١٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر) زەوی تەڕوتووش زۆر بەربڵاوتر بووە وەک لەوەی ئێستە هەیە. لە هەمان کاتیشدا زەوی وشک و پڕ گیا هەر هەبووە، دارودەوەنیش لە دەشتاییەکان کەمتر بوونەتەوە. ئەو زانیارییە لە نموونەکانی دەریاچەی زێریبار دەردەکەون.
لە پشکنینی دۆزراوەکانی بێستانسوور بە ئامێری تیشکی ئێکس،دەرکەوت زۆربەی ماددە خامەکانی بابەتی ڕۆژانەیان لە گڵ و بەردی ناوچەکەی خۆیان دروستکردووە. بەڵام بەردە شووشە و جۆری بەردی دیکەی بە نرخیان لە دەریاچەی وانەوە پێگەیشتووە. بەردەشووشە لە شوێنەواری شێخی ئاباد نەبووە، بۆیە بەردی تیژی ناوچەی خۆیان جێگرەوەی بەردەشووشەی دەریاچەی وان بووە. کەچی شوێنەوارەکانی دیکەی دامێنی زاگرۆس بڕێکی زۆریان لە بەردە شووشە و بەردی تیژی ناوچەی خۆیان، هەبووە. بۆ نموونە لە بێستانسوور زۆربەی ئامرازە بەردەکانیان لە بەردی ناوچەی خۆیان دروستکردووە، بەڵام بابەتی دیکە هەبووە لە ٣٠ تا ٤٠ کیلۆمەتر دوور، بۆیان هاتووە. کەواتە نیشتەجێیانی بێستانسوور دەستیان بە سەرچاوەی دیکەی دوور لە خۆیان گەیشتووە و لەسەر ڕێگەی هاتووچوون و ئاڵوگۆڕی نێوان دەشتاییەکانی ئێران و بەرزاییەکانی ناوچەی وان، بووە. دەکرێ ئەو بابەتانەی لە شوێنی دورەوە هاتوون پیرۆز بووبن و ئەوانەی بوونە هۆی دەستکەوتنیان پێگەی کۆمەڵایەتی برزیان وەرگرتبێ.
توانای نیشتەجێیەک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان و گەیشتن بە سەرچاوەی دیکەی بابەتەکانی دیکە جێگیربوونی خەڵکەکەی توندتر کرد. پێویستیی جارانیان لە گەڕان بە دوای سەرچاوەی خواردن و راوکردن، نەما. بۆیە نیشتەجێیەکان تا دەهات جێگیرتر دەبوون و بەرەبەرە وردە پێشکەوتنی بە خۆیەوە دەدیت. هەرچەندە پێویستە لە ئاییندەدا هەندێک کار بۆ زانینی تەمەنی بابەتەکانی شیخی ئاباد بە تەکنیکی کاربۆن ١٤، بکرێت. بەڵام دیارە بەردەوامیی ژیان لە بەرزاییەکانی زاگرۆس لە دیوی ڕۆژهەڵات، لە نێوان ساڵانی ١٠ هەزار تا ٧٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین، هەبووە. بارودۆخی کەشوهەوا لە بەرزایی ١٤٠٠ مەتر لە بەردەم چالاکییەکانی مرۆڤ و ژیانی ڕۆژانە دوای تەواوبوونی چاخی بەستەڵەک و چەند سەدەیەک دواتریش، ڕیگر نەبووە. پێشکەوتنەکانی چاخی بەردین لە تەختاییەکان و دامێنەکان، دوای ئەوانەی بەرزاییەکانی زاگرۆس هاتوون. ئەگەر هەیە شوێنەواری زۆرتر لە دامێنەکانی زاگرۆس بدۆزرێنەوە وەکو ئەوەی لە چۆغە گۆلان دۆزرایەوە، دەشزانین نیشتەجێیەکانی نەمریک و قرمزدارە لە میزۆپۆتامیای باکوور، زۆر بەر لە ٩٠٠٠ ساڵ پێش زایین، هەبوون.
ئەو وێنەیەی لە توێژینەوەمان بۆ هەرچوار شوێنەوارەکەی سەرەوە باسکران لە چوارچیوەی پرۆژەی ناوەڕاستی زاگرۆس، دەستمان کەوتووە بۆچوونمان سەبارەت بە هەنگاوی مرۆڤ لە چاخی بەردینی کۆنەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ جێگیر دەکات بەوەی نیشتەجێیەکان زۆرترین سوودیان لە سەرچاوەکانی دەورووبەری خۆیان وەرگرتووە و کارلێکیان لەگەڵ ژینگەی خۆیان هەبووە. دەستکردن بە کشتوکاڵ و مالێێکردنی ئاژەڵان بەر لە ٨٠٠٠ ساڵ پێش زایین، ئەو بۆچوونە دەسەلمێنن. بە درێژایی چاخی بەردینی نوێ، کۆمەڵگەکانی مرۆڤ لە ناوەڕاستی زاگرۆس لە ڕاوکردن و کۆکردنەوەی بەروبووم، بەردەوام بوون.
پێدەچی تەواوی کرداری نیشتەجێبوون و دیارنەمانی کۆچی وەرزیی کۆمەڵە ڕاوچییەکان، کردارێکی کەمێک ئاڵۆز بووە و بە هێڵێکی ڕاستدا نەچووە. دەشبێ هەندێک ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیانە لە چاخی بەردینی نوێدا تا ڕاددەیەکی باش لە پێناو دەستکەوتنی سەرچاوەکانی سروشت وەکو ڕاوی ئاژەڵان لە بەرزاییەکانی زاگرۆس، کۆچی وەرزییان کردبێ. شوێنەوارەکانی شیخی ئاباد و جانی، دواییش لە گوران و گەنج دارە، بەر لە دەرکەوتنی خانوو و پێکهاتەی گەورەی خشت و قوڕ، بەڵگەی ئەو کۆچە وەرزییانەیان تێدایە. تەنانەت دوای دروستکردنی خانو و پێکهاتەی گەورە هەر لە نەبوونی کۆچی وەرزیی، دڵنیا نین. دەرکەوتنی خانووی لاکێشە و هێڵی ڕاست ٨٠٠٠ ساڵ پێش زایین، لەگەڵ جێگیربوون و نیشتەجێیەکاندا، تەریبە.
هەبوونی کەللەسەری بزن و مەڕی کێوی و ڕێکخستنی ئێسقانەکانیان بە شێوەیەکی تایبەت لەسەر زەوی یەکێک لە ژوورەکانی شوێنەواری شێخی ئاباد، بایەخی ڕێوڕەسمی پەرستن و پاڕانەوە لە ناوچەکانی ناوەڕاستی زاگرۆس لە چاخی بەردیینی نوێدا، نیشان دەدات. بە هەمان شێوە، لە نزماییەکانی شوێنەواری بێستانسوور هەرنەبێ ٧٥ گۆڕی مرۆڤ لەژێر زەوی یەکێک لە ژوورەکان هەبوو، زۆربەیان شیی بووبوونەوە، هەیانبوو ملوانکە و بازنی بەردی بە نرخیان لەگەڵدا نێژرابوو، کەواتە ئەو شوێنە شوێنی ژیانی ئاسایی ڕۆژانە نەبووە و وەکو نێژراوەکانی گرێ چەتاڵ لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ، بوون.
سەرچاوە:
https://www.researchgate.net/publication/352264465_Long-Term_Human-Environment_Interactions_in_the_Neolithic_of_the_Central_Zagros_of_Iran_and_Iraq_10000-6000_BC
بە نزیکی *ناوی یەکەم و ناوی کۆتایی * ئیمەیڵ * دەقی پەیام |