ماڵییکردنی ئاژەڵان لە زاگرۆس،مەڕ
بەشی سێیەم:
نووسین و توێژینەوە/هەڵکەوت محەمەد پشدەری
لە گەڕانەکانی ساڵانی ٦٠ی سەدەی ڕابردوو لە هەردوو شوینەواری ئەشکەوتی شانەدەر و گوندی زاوی چەمی شانەدەر، باوەڕێکی تەواو بڵاو هەبوو بەوەی ماڵییکردنی مەڕ و هێشتنەوەی بەرخ بۆ ماوەیەکی درێژ لە زاوی چەمی شانەدەر هەرنەبێ ٢٠٠٠ ساڵ لە چاو هەموو شوێنەوارەکانی دیکەی ناوچەکە کۆنترە و بۆ ١١٧٠٠ ساڵ بەر لە ئێستە دەگەرێتەوە. توێژینەوەکانی دوای ئەوە و ئیمە لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە و بەڵگە زانستیی و شوێنەوارناسییەکان بۆمان دووپات دەکەنەوە، زاوی چەمی شانەدەر لە هەموو ناوچەکەدا، کۆنترین بەڵگەی ماڵییکردنی مەڕی لێیە. هەرچەندە ژمارەی ئێسقانەکان لە زاوی چەمی شانەدەر بەشی ئەوە ناکەن لە تەواوی دیمەنی بەخێوکردن و گەورەکردنی مەڕ تێبگەین، بەڵام هەموو توێژینەوەکان لەسەر ئەوە کۆکن جۆری ئێسقانەکانی مەڕ لە زاوی چەمی شانەدەر، بەڵگەی ئەو بۆچوونەن. بەراوردیش لە نێوان ئیسقانەکانی زاوی چەمی شانەدەر لەگەڵ ئەو شوێنەوارانەی دیکە، نیشانمان دەدات جۆری ئێسقانەکان جیاوازن.
سەرنجدان لە زۆربوونی ئێسقانی مەڕ لە هەردوو شوێنەوارەکاندا بەشێک بووە لە زۆربوونی مەڕ لە هەموو ناوچەی زاگرۆسدا لە دوای دوایین چاخی بەستەڵەک لە نێوان ١٠ تا ١٥ هەزار سال لەمەوبەر. ئەگەر هەیە لەباربوونی ژینگەی ئەو ناوچانەی زاگرۆس بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی دەورووبەری شانەدەر، پاڵنەری زۆربوونی ژمارەی مەڕ بووبێت. نەبوونی هیچ پاشماوەیەکی مەڕ لە سەردەمانی پێش دەرکەوتنی گڵسازیی لە چاخی بەردینی نوێدا لەبەرئەوەیە ئەوکاتە بزن ماڵییکرابوو و ڕاوی مەڕی کێوی کەم بووبوو. لەگەڵ ئەوەیشدا بەرخی مێ بایەخی هەبووە و بۆ خواردنی گۆشتەکەی نە کوشتراوەتەوە. ئەو بایەخە لە سوێنەوارەکانی دوای زاوی چەمی شانەدەر وەکو عەلی کۆش و گەنج دارە، دیارنییە. دۆزراوەکانی شوێنەوارەکانی دیکەی زاگرۆس نیشانی دەدەن زۆربەی ڕاوەکان بۆ بەران بوون.
زۆرترین ئەو ئێسقانانەی لە زاوی چەمی شانەدەر دۆزراونەتەوە، ئێسقانی بەرانن. واتا مەڕ لەبەر شیر و بەروبوومەکەی زوو نەکوشتراوەتەوە. بەوە دەگووترێ بەڕێوەبردنی مەڕومالات و نیشانەیەکی ماڵییکردنی مەڕە. هەرچەندە قەبارەی بزنی هاوچەرخ بچووکترە لەوەی لە کۆندا هەبووە، بەڵام دۆزراوەکانی ئەو شوێنەوارانە لە قەبارەدا هەمان قەبارەی ئاژەڵی کێوی هاوچەرخن لەو ناوچانەدا هەن. بە شێوەیەکی گشتیی هەبوونی ئێسقانی زۆری بەران و نێرەی دیکەی ئاژەڵان هەڵسوکەوتی کۆمەڵە ڕاوچییەکانە، چونکە نێرەکان گۆشتدارترن بۆیە مەبەستی ڕاوچییەکان بوون. ئەو جۆرە ڕاوە لە شوێنەواری چەمی هەلان باکووریش تێبینی کراوە. بە پێێ بۆچوونی چەند شارەزایەکی ئەو بوارە، ڕاوکردنی نێرەکانی ئاژەڵان و ماڵییکردنی ژمارەیەکی زۆرتری مێیەکانیان وایکردووە نێرەی تەمەن کەمتر لە شوێنی دیکەوە بۆ ئەو ناوچانە کۆچ بکەن. ئەو جۆرە هەلسوکەوتانە بەڵگەی بەڕێوەبردنی ئاژەڵی ماڵییکراون.
بەڵگەی ماڵییکردن و بەڕێوەبردنی مێگەلی مەڕ لە شوێنەوارەکانی دیکەی ناوچەی زاگرۆس وەکو تەپە گوران، سەراب یان سەراو و چەرمۆ کۆنتر لە نزیکەی ٩٠٠٠ ساڵ پێش ئێستە، نەدۆزراوەتەوە. هەروەکو ئەوەی لە بزن تیبینی کراوە، قەبارەی ئێسقانی مەڕ لەوکاتەدا لەگەڵ مەڕی کێویی هاوچەرخ لە زاگرۆس وەکو یەکن. ئەو گۆڕانە لە ناوچەکانی دیکەی دامێنی زاگرۆس بە تایبەتی لە دەشتەکانیشدا لەگەڵ دەرکەوتنی گڵسازیی، تیبینی کراوە. لە هەموو ناوچەکەدا ژمارەی ئەو جۆرە ئێسقانانە زۆر دەبن، واتای ئەوەیە مەڕ و ماڵات زۆر بوون. ئەو زۆربوونە هاوتەریبی زۆربوونی ئێسقانی ئاسکیشە.
قەبارەی ئێسقانەکانی مەڕ لەو ماوەیەدا بەرەو بچووکی دەڕوات و قەبارەی لەشیشیان لەو ناوچە بەرزانەی زاگرۆس، کەمی کردووە. دواتر کەمبوونەوەی قەبارە لە دەشتاییەکانیش دەردەکەوێ. ئەویشیان وەکو بزن، بە شیوەیەکی گشتیی قەبارەی مەڕەکان لەوانەی پێش ٩٠٠٠ ساڵ بچووکترن و لەگەڵ قەبارەیان لە شوێنەواری دیکەدا لەو ناوچانە، یەکن. دیسانەوە، کەمبوونەوەی قەبارەی ئاژەڵان بە گشتی ئینجا ئەوانەی ماڵییکراون یان کێوی بوون بۆ کاریگەری دیکەی گەورەتر دەگەڕێتەوە. لەوەدەچێ گەرمبوونی کەشوهەوا بەر لە ٩٠٠٠ ساڵ لە ناوچەکانی زاگرۆس و تەواوی نیمچە کەوانۆکەی بەپیتدا، پاڵنەری ئەو گۆڕانە بن لە قەبارەی ئاژەلەکاندا. ئەوەی تێبینی کراوە، تەنانەت لە ئەسکەکاندا کەمبوونەوەی قەبارە زۆر لەوانەی مەر و بزن زۆرترە. قەبارەی ئاسکی زاگرۆس لە چاخی بەستەڵەکدا، زۆر گەورەتر بووە.
لەگەڵ دۆزینەوەی کەللە سەرێکی بێ قۆچی مەڕێک لە شوینەواری عەلی کۆش بۆچوونێک دەرکەوت پێی وابوو دەبێ ئەوە کۆنترین بەڵگەی ماڵییکردنی مەڕ بێ، بەڵام دوای تەواو زانینی تەمەنی ئەو دۆزراوەیە، کە بۆ ٩٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەو بۆچوونە پشتگوێ خرا. لە مەڕە کێوییەکانی هاوچەرخیش مەڕی بی قۆچ هەن، ڕێژەیان دەگاتە ١٠٪. لەبەرئەوە نابیت ئەوە بەبەڵگەی یەکەمین ماڵییکردن دابندرێت. شییکاری تازەی دۆزراوەکانی عەلی کۆش نیشانی دەدات ئەوانە نێر بوون بەڵام لە تەمەنی کەمدا کوژراونەتەوە.
سەرچاوە: https://www.persee.fr/doc/mom_1955-4982_2008_act_49_1_2709