menusearch
ku.bnkayjin.com

ماڵییکردنی ئاژەڵان لە زاگرۆس، بزن...

Ku | Fa
9/29/2024 10:48:45 PM
(0)
(0)
ماڵییکردنی ئاژەڵان لە زاگرۆس، بزن...
ماڵییکردنی ئاژەڵان لە زاگرۆس، بزن...

ماڵییکردنی ئاژەڵان لە زاگرۆس، بزن...

 

 

هەڵکەوت محەمەد پشدەری


بەشی دووەم


زانیاریی ١٥ شوێنەواری جیاجیامان لە شوێنەوارەکانی بەرزاییەکانی زاگرۆس و دامێنی، وەرگرت. لە بەراووردی نێوانیاندا ئەو بۆچونەمان سەبارەت بە بچووکی ئێسقانی ئاژەڵان لە نێوان هەردوو شوێنەواری گەنج دارە و ئەشکەوتی یافتەی لوڕستان، ڕاست دەرچوو. بچووکبوونی ئێسقانی بزن لەبەر کەشوهەوای گەرمی ناوجەی ئەشکەوتی یافتەیە و پێوەندی بە ماڵییبوون و کێویی ئاژەڵانەوە نییە. قەبارەی کەللەسەری بزنی گەنج دارە لەوانەی لە شوێنەواری بەرزاییەکن (ساردەکان) دۆزرانەوە جیاوازیی نییە. بەڵام بزنەکانی عەلی کوش لەوانەی گەنج دارە بچووکترن. ئەو جیاوازییەی قەبارەی ئاژەڵان تا ئیستە لە چیاکانی زاگرۆسدا لە نێوان ناوچە گەرم و ساردەکاندا، ماوە.
قەبارەی ئێسقانەکانی بزن لە گەنج دارە و عەلی کوش بە هەمان ڕێژە لەگەڵ ئاژەڵی ئێستەی ناوچەکانیان وەکویەکن. ئەگەر زۆرە ئەو لێکچوونە تیکەڵەی نیر و مێی ئاژەلانی ئەو سەردەمە بن. لە هەردوو نموونەکانی گەنج دارە و عەلی کوش، ئێسقانە گەورەکان بۆ ئەو ئاژەڵانە بوون سەربڕدرابوون بەڵام تەواو پێنەگەیشتبوون، بچووکەکانیش پێش سەربڕینیان پێگەیشتبوون. بە شێوەیەکی گشتیی ئێسقانی ئاژەڵی پێگەیشتوو لە ژیر گڵی شوینەوارەکان بۆ ماوەی درێژتر دەمێنێتەوە، پێنەگەیشتووەکان ماوەی کەمتری دەوێ تا شیی ببێتەوە، بۆیە زۆریی ئیسقانی ئاژەڵی پێگەیشتوو سەربڕینی زۆرتری مێیەکان ناگەیەنێ.
لە ئەنجامی ووردبوونەوەی زۆر لە ئێسقانەکانی هەردوو شوێنەوار بۆ زانینی ڕێژەی نێر بۆ مێ، زۆر بە ڕوونی بۆمان دەرکەوت ئاژەڵە نێرەکان لە تەمەنی کەمدا سەربڕدراون و مێیەکان بۆ ماوەی زۆرتر هێڵدراونەتەوە. ئەو زانیارییانە وەکو ئەوەیە لە گوندی چەرمۆی نزی چەمچەماڵ دەست کەوتوون. ئەوە نیشانە ماڵییبوونی ئاژەڵانە و نێرەکان لە تەمەنی بچووکیاندا لە مێگەل دەردەهێندرێن، مێیەکان بۆ زاوزێ و بەرهەمی شیر هەڵدەگیرێن.
بە پێچەوانەوە، ئەو شوێنەوارانەی لە عەلی کوش و گەنج دارە کۆنترن وەکو ئەشکەوتی شانەدەر و ئاسیاب ڕێژەی جۆری ئێسقانەکان و نێر و مێ، جیاوازن. نە نێر و نە مێ سەروو ٤ تا ٥ ساڵ نەماونەتەوە و سەربڕدراون. هەمان شت بۆ ئێسقانی ئاسک لە شوێنەواری عەلی کۆش دەردەکەوێ. لە زانیارییەکانی کۆمان کردنەوە، نیشانەی ئاشکرا و ڕوونمان بۆ هەردوو شوێنەواری گەنج دارە و عەلی کوش دەستکەوت تییدا دیاربوو ئاژەڵداریی کراوە و تا ڕاددەیەکی باش بەڕێوەبردنی مێگەلەکان هەبووە، نیشانەکان وەکو ئەوانەی شانەدەر و ئاسیاب نەبوون، کە لەوێ ڕاوی ئاژەڵی قەبارە گەورەی نێر مەبەست بووە و زۆرترین ئێسقانی ئەو جۆرە لەوێ دۆزراونەتەوە. بەڵام وەڵامی پرسیاری ئەوەی کەی لە ڕاوەوە بۆ ئاژەڵداریی چوون، هەر ماوە.
چینەکانی ئەشکەوتی گەنج دارە هەمووی پاشماوەی نزیکەی ١٠٠ ساڵ ژیانە تێیدا، لە نزیکەی ٩٩٠٠ تا ٩٨٠٠ ساڵ بەر لە زایین ژیانی تێدا بووە. شوێنەواری عەلی کوشیش، دوای چەند سەد ساڵێک لە بەجێهێشتنی گەنج دارە، واتا لە ٩٥٠٠ تا ٩٠٠٠ ساڵ پێش زایین، ئاوەدان بووە. سەردەمی سیرامیکیش لەوێ لە نێوان ٩٠٠٠ تا ٨٠٠٠ سال بەر لە زایین بووە. لێرەوە دیارە، ماڵییکردنی بزن لە بەرزاییەکانی زاگرۆس دەستیپێکردووە و بەرەبەرە جێگرەوەی ڕاوی بزنە کێوی گرتووەتەوە. لەوێوە، ئێنجا ماڵییکردنی بزن بەرەو تەختاییەکان کشاوە. بە ڕوونی دیارە ماڵییکردنی بزن لە گەنج دارە هەروەکو بەڕێوەبردنی مێگەلە ئاژەڵێکی ئێستە وابووە.
کەواتە ئەوەی لە توێژینەوەکانی پێشتر گووتراوە و وا باو بووە بچووکبوونەوەی ئیسقانەکان بەڵگەی ماڵییکردنە، هەڵەیە. ماڵییکردن لە گەنج دارە کۆنترە وەک لە دەشتاییەکانی ئاسیاب و دالوران. بۆ یەکەم جار بزن لە بەرزاییەکانی زاگرۆس ماڵیی کراوە. تویژینەوە کۆنەکان ئێسقانی ئاژەلی پێنەگەیشتوویان لەبەرچاو نەدەگرت، بۆیە زۆربەی ئێسقانی نێرەکانیان وەلا دەنا. لەو ڕاستییە تێدەگەیشتن کە زۆریی ئێسقانی نێر واتای ئەوەیە مێیەکان بەخێودەکران بۆ زاوزێ و بەرهەمی شیر ڕادەگیران.
بە درێژایی نزیکەی ١٥٠٠ ساڵ لە ماڵییکردنی بزنە کێوی لە عەلی کوش، پاشماوەکانی قۆچی بزن بچووکبوونەوەی ئەو قۆچانە نیشان دەدەن. لەو ماوەیەدا بزنە نێرەکان پیویستییان بە ململانێ نەبووە بۆ دەستکەوتنی مێیەکان، چونکە ژمارەی نێرەکان هەردەم کەمتر بوون لە مێیەکان، ئەوە کاریگەریی لەسەر بچووکبوونەوەی قۆچەکانیان هەبووە. دەکرێ گۆڕان لە قەبارەی قۆچەکان وەکو خاڵی یەکلاکەرەوەی ماڵییکردن دابنێین نەوەک جیاوازیی قەبارەی ئاژەڵەکان لە نێوان دوو کەشوهەوای جیادا.
سەرچاوە:

 

https://www.persee.fr/doc/mom_1955-4982_2008_act_49_1_2709