ماڵییکردنی ئاژەڵان لە زاگرۆس
هەڵکەوت محەمەد پشدەری
بەشی یەکەم
لە گەڕان بەدوای لانکەی کشتوکاڵدا، توێژینەوەکان زۆر چاویان لەسەر ناوچەی زاگرۆسە و وەکو شوێنی یەکەمین ماڵییکردنی ئاژەڵ و ڕووەکەکان دایدەنێن. لە کۆتایی ساڵانی ٧٠ی سەدەی رابردوو تیشکی زۆر دەخرایە سەر ناوچەی لیڤانت، لەوێ ئاژەڵداریی نزیکەی ١٠٠٠ ساڵ دوای کشتوکاڵ بووە، باسی ناوچەی زاگرۆسیان لەو بابەتەدا هەر نەکردووە. بەڵام توێژینەوەی تازە لەو بابەتانەی زووتر لە شوێنەوارەکانی زاگرۆس دۆزراونەتەوە وێنەیەکی تەواو جیا نیشان دەدەن. وەکو نیشانەی یەکەمین ماڵییکردنی ئاژەڵان سەرنج لە بچووکبوونەوەی قەبارەی جەستە دەدەین. توێژینەوەکەی ئێمە پێداچوونەوەیە بەو دۆزینەوانەی لەسەدەی رابردوودا کراون و تیشکی شایستەیان نەخراوەتە سەر.
لە چەرمۆی باشووری کوردستان لە سالی ١٩٥٩ شاخی بزن دۆزرابوونەوە. لە زاوی چەمی شانەدەریش تێبینی کرا لە سەردەمێکدا ژمارەی ئێسقانی مەڕ زۆر زیادی کردووە و ٢٠٠٠ ساڵ پێش چەرمۆ بووە. لە شوێنەواری ئەسیابیش لە نزیک کرماشان نیشانەکانی ماڵییکردنی بزنە کێوی هەبوون، لە دالورانیش ژمارەی مەڕ لەچاو بزن زۆر بووە و بەتەمەنەکان بۆ بەرهەمی شیر هێڵدراونەتەوە. لە گەنج دارە، بەهەمان شێوە نیشانەکانی بەڕیوەبردنی مەرومالات لە دەستکەوتنی بەروبوومی شیر تێبینی کراوە.
نیشانەیەک بۆ زانینی ئەوەی ئاژەڵ ماڵییکراوە گۆڕانە لە شێوەی قۆچەکانی ئاژەڵان لە نێوان ئەوانەی ماڵییکراون و ئەوانەی کێوی بوون. ئەو نیشانەیە لە سەرەتای ساڵانی ٢٩ی سەدەی ڕابردووەوە زانراون و بەکارهاتوون. جگەلەویش، گۆڕان لە تەمەن و ڕەگەزی ئەوانەی بۆ ماوەی درێژتر هێشتوویاننەتەوە و زۆری ئەو ئاژەڵانەی لە سەردەمانی کۆندا لەو ناوچانەدا هەبوون. لەو قۆچانەی چارلس هۆرن لە چەرمۆ دۆزینیەوە نیشانەی ماڵییکردنی پێوە دیاربوو. ئەوانەی گەنج دارە نیشانی دەدەن مێیەنەکان بۆ تەمەنی درەنگ نەکوژراونەتەوە، بەڵام نێرەکانیان لە تەمەنی بچووکدا کوژراونەتەوە.
بۆ ئەم توێژینەوەیە دەرکەوت، ناوچەکانی زاگرۆس لە کۆمەڵەی ڕاوچییەوە بەرەو بزن بەخێوکردن چوون. بەڵام دیارنییە کەی و لە کوێ ئەوەیان کردووە. ئەوکاتەی شوێنەوارەکان دۆزراونەتەوە تەکنیکی کاربۆن ١٤ ساوا بوو، بۆیە نەدەزانرا کام شوێنەوار لەوی دیکە کۆنترە. هەرچەندە لە گەنج دارە و عەلی کۆش ئێسقانی بزن دۆزرابوونەوە، بەڵام دیار نەبوو کامیان کۆنترە. بە بەراورد ئێسقانی بزن و مەڕ لە نیوان گەنج دارە و ئەشکەوتی یافتە، بۆمان دەرکەوت یافتە زۆر کۆنترە و ئێسقانی ئەو ئاژەڵانەی خوراون زۆرتر بووە وەک لەوانەی لە گەنج دارە دۆزرابوونەوە، کەواتە مەڕداریی لە یافتە کۆنترە. بۆیە بڕیارمان دا بە هەموو دۆزینەوەکانی ناوچەی زاگرۆسدا بچمەوە لە ٥٠ هەزار تا ٧ هەزار ساڵ بەر لە زایین، بگەڕێمەوە. ئەو کاتە کۆمەڵە ڕاوچییەکان بەرەو ئاژەڵداریی دەچوون.
توێژینەوەکەمان لەو پەیکەری مەڕ (٦١ دانە) و بزنانە (٤١ دانە) لە هەردوو دیوی ئێران و عێراق دەستپێدەکەین لە مۆزەخانەی مێژووی سروشتیی هەبوون. نموونەکان نێر و مێی چەند تەمەنێکی جیاجیای تێدا بوو. لە دەریای کاسپیانەوە بۆ ئازەربایجان و باشووری کوردستان و بۆ ناوەڕاستی زاگرۆس تا دەگاتە کرماشان و بەرەو کەنداوی فارسی دەگرتەوە. لەم توێژینەوەیەدا بۆمان دەرکەوت ئەوەی قەبارەی ئێسقانەکان دیاری دەکات ڕەگەزی ئاژەڵەکەیە (نێرە یان مێیە) نەوەک کێوییە یان ماڵییە. دوای ئەوە کاریگەری کەشوهەوا دێت، چەندی ژینگەکەیان ساردتر بووە، قەبارەیان گەورەتر بووە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بەراوردەکەی نێوان گەنج دارە و عەلی کوش، دەبینین قەبارەی ئەوانەی گەنج دارە گەورەتربووە. ئەو جیاوازییە تا ئێستە لە نێوان ناوچە جیا جیایەکانی زاگرۆسدا هەر ماوە. کەواتە بچوکیی قەبارەی ئاژەڵەکانی عەلی کوش لەبەرئەوە نەبووە ماڵییکراون، بەڵکو کەشوهەوایان گەرمتر بووە. تەمەنی ئاژەڵەکە زۆر کاریگەریی لەسەر قەبارەی ئێسقانەکانیان نییە، واتا بزنێکی تەواو پێگەیشتوو ئیدی قەبارەی ئێسقانی زۆر گەورە نابێ هەرچەندەی دوای ئەوە بژیەت. بەرانێکی تازە پێگەیشتوو تەمەنی یەک ساڵ بێ گەورەترە لە مێیەکەی خۆی ئەگەر تەمەنی لەویش گەورەتر بێ. قەبارەی ئێسقانەکانی ئاژەڵە ماڵییەکان زۆر لەوانەی کێوییەکان، نزیکن. جیاوازییەکی گەورەیان نییە.
لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە دیارە گۆڕان لە قەبارەی ئێسقانەکانی لەو شوینەوارانە دۆزراونەتەوە لەبەر ئەوە نەبووە ئاژەڵەکان ماڵییکراون بۆیە قەبارەیان بجووک بووەتەوە. بەڵگەی ئەوەی ئێسقانی شوێنەوارێک لەوانەی لە شوێنەواریکی دیکە دۆزراونەتەوە بچووکترن، نیشانەی ماڵییکردنە، دروست نییە، نابێ قەبارەی ئیسقانەکان بە بەڵگەی ماڵییکردن دابندرێن چونکە گەورەیی و بچووکیی ئێسقان بە کەشوهەوای شوێنی ژیانی ئاژەڵەکانەوە بەندە.
سەرچاوە:
https://www.persee.fr/doc/mom_1955-4982_2008_act_49_1_2709