ئەوانەی دەڵێن ئاشوورین یان کلدانین، بنەچەیان کێیە؟
مەھدی کاکەیی
کەنیسەی کاسۆلیکی، قەشە (نەستۆریۆس)، قەشەی قوستەنتینیە لە کەنیسەی خۆی دەرکرد. ئەم قەشەیە لە ساڵی ٤٣١ی زایینیدا دینزایەکی مەسیحی دامەزراند. ئەم دینزایە ناوی دەرکرد بە دینزای (نەستۆری) دینی مەسیحی، کە بە ناوی ئەم قەشەیە ناونرا. ھەروەھا کەنیسەی نەستۆری بە ناوی "کڵێسای ڕۆژھەڵات"یش بەناوبانگە. ژمارەیەک لە دانیشتووانی شاخ و گوند و شارەکانی کوردستان بوونە نەستۆریی ئایینی مەسیحی. ئەندامانی ئەو دوو گرووپە، کە دەبێژن ئەوان لە نەوەکانی کلدان و ئاشوورییە کۆنەکانن و خۆیان بە "کلدان" و "ئاشووری" ناودەبەن، ئەو کوردانەن کە بوونەتە نەستۆری.
لە سەدەی پانزەی زایینیدا، کەنیسەی کاسۆلیکی ھەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی پەیرەوانی دینزای نەستۆری ڕۆژھەڵات ڕازیبکات کە وازبێنن لە دینزای نەستۆری و ببن بە کاسۆلیک. ئەم ھەوڵانە سەرکەوتوو بوون لەوەی بەشێک لە نەستۆرییەکان بکەنە کاسۆلیک. ئەم نەستۆرییانە کە بوونە کاسۆلیک، دانیشتووی عێراقی ئێستا بوون، بۆیە ئەمانە ناونران بە (کلدان) چونکە کلدانە کۆنەکان دانیشتووی بابلی "کلدانی" بوون. ئیتر ناوی ئەم گرووپە کاسۆلیکە نرا (کلدان) تەنھا وەک ناوێکی ناسێنەری جوگرافی، نەک لەبەر ئەوەی ئەوان لە نەوەی کلدانەکانن، کە لەناو گەلانی تردا تواونەوە، لەوانەش لە ناو گەلی کورددا، و کلدانە کۆنەکان بوونیان نەما.
بەشەکەی تری نەستۆرییەکان کە نەبوونە کاسۆلیک و دینزای نەستۆری خۆیانیان پاراست، ئێستا دەبێژن ئەوان نەوەی ئاشوورییە کۆنەکانن. ڕەگ و ڕیشەی ناوی (ئاپور) لە ( ئاشوور)ەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا قەشەیەکی مەسیحی (کلدان-کاسۆلیک) بە ناوی (ئادی شیر) دەرکەوت و کتێبێکی بە ناوی (کلدۆ - ئاپور) نووسی و لێرەوە ناوی ئەم دەستەیە دەستیپێکرد. ئەو گرووپانە خۆیان بە "ئاشوری" ناوبرد، دەستەواژەی "ئاتور" وەک فۆرمێک بۆ دامەزراندنی ناسنامەیەک بۆ ئەندامەکانیان بەکارھێنا بۆ ئەوە ناسنامەیان بپارێزێت، دوای چڕبوونەوەی فشارەکان لەسەر کەمینە نەتەوەیی و دینییەکان بەھۆی سەرھەڵدانی جەنگی جیھانی یەکەم و ڕوودانی ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژییەکانی ئەرمەنەکان لە دوای ساڵی ١٩١٥ی زایینی بەھۆی ھەڵوێستی دژە عوسمانییان لەو کاتەدا و پشتیوانیان لە ڕووسیای تزاری.
ئەم کارە ھەموو ئەو پێکھاتانەی لەخۆگرتبوو کە لەو سەردەمەدا دینی مەسیحییان لە وڵاتی میزۆپۆتامیادا لە باوەش گرتبوو، چونکە ھەر دینزایەک ھەوڵی دەدا ناسنامەی خۆی بۆ پێناسەکردن و جیاکردنەوە دابنێت و بوونەکەی لە نەمان و لەناوچوون بپارێزێت.
یەکێک لەو بەڵگانەی کە کوردبوونی نەستۆرییەکان پشتڕاست دەکاتەوە ئەوەیە کە (ئیبن خەلکان) باس لەوە دەکات کە ناوچەی ھەکاری کە دەکەوێتە باکووری کوردستان، شوێنی نەستۆرییەکانە، کە ھۆزێکی کوردن، قەڵا و سەنگەر و گوندی ھەیە لە ناوچەی موسڵ [١]. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە نەستۆریەکان ("ئاشوورییەکان" و "کلدانییەکان") کوردی مەسیحین.
ئاماژەیەکی تری کوردبوونی ئاشوورییەکان پەیوەستبوونی زۆرێک لە ئاشوورییەکانە بە خێڵە کوردییەکانەوە، کە ھەر خێڵێکیان یەک بنەماڵەیە، کە بە تێپەڕبوونی کات ئەندامەکانیان زۆر بوون و زیادیان کردووە. بۆ نموونە ئاشووری ھەن کە سەر بە خێڵی (زێباری) و(برادۆستی) و(نیرەوی) و خێڵی (ناو چیایی)ن. ئەم خێڵانە خێڵی کوردین و ناوەکانیان کوردییە، کە بەشێک لە ئاشوورییەکان سەر بەو خێڵانەن [٢]. ھەڕوەھا ئەوانەی کە دەڵێن کلدان و ئاشوورین و کورد نین، دە توانن پەنابەرنە بەر تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی (DNA) بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خوێنی کورد دەخولێتەوە لە ناو دەمارەکانیان. لێرەدا باس لە بنەچەی ئەو کەسانە دەکەین کە دەڵێن ئەوان نەوەی کلدان و ئاشورییە کۆنەکانن، ئەگەر نا ھەموو مرۆڤێک ئازادە سەر بە ھەر گەلێک، نەتەوەیەک، دینێک، یان دینزایەک بێت. ھەستی سەربە گەل یان دین یان دینزا ناتوانرێت بەسەر مرۆڤدا بسەپێندرێت.
سەرچاوەکان:
١. إبن خلکان. وفیات الڕعیان، المجلد الپالپ، گبع بیروت، ێفحە ٣٤٨.
٢. ئەو زانیاریانەی پێشتر باسمان کرد سەبارەت بە بەشێک لە ئاشوورییەکان کە سەر بە خێڵە کوردییەکانن، لە بڵاوکراوەیەکی مامۆستا برادۆست میتانی (Biradost Mîtanî) وەرگیراوە و بڵاوکراوەکەش نامەیەکە کە لە لایەن مامۆستا برنار یوسف (Birnar Ûsiv) بۆی نێردراوە کە "ئاشورییە" و پسپۆڕە لە بواری شوێنەوار.
بە نزیکی *ناوی یەکەم و ناوی کۆتایی * ئیمەیڵ * دەقی پەیام |