menusearch
ku.bnkayjin.com

کولتووری کورد-ئاراس

Ku | Fa
1/16/2016 1:30:00 AM
(1)
(0)
کولتووری کورد-ئاراس
کولتووری کورد-ئاراس

کولتووری کورد- ئاراس


کولتووری کور-ئاراس لە بەرزاییەکانی قەوقاز بەر لە ٣٥٠٠ تا ٢٤٥٠ ساڵ پێش زایین هەبووە. پانتایی ١٠٠٠ بە ٥٠٠ کیلۆمەتری داگرتبوو. لە باکووری قەوقاز، بۆ باکووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی تورکیا تا دەگاتە باکووری سوریا کشابوو. ئەو نەریتە، ناسنامەیەکی هاوبەش و هێماداری دەکرد و بەسەر ناوچەیەکی فراوانی شاخەکاندا بڵاوبوو. ناوی کور-ئاراس لە دوو ڕووباری کور و ئاراس هاتووە. لە ساڵەکانی نزیک لە ٣٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین، بەشێک لە هەڵگرانی ئەو نەریت و کەلتوورەی کور-ئاراس بە چیاکانی تۆرۆسدا بەرەو باشووری ڕۆژئاوا تا گەیشتنە ناوچەی لێڤانت و باشووری ڕۆژهەڵات تا گەیشتنە چیاکانی زاگرۆس و بەرەو باکووری چیاکانی قەوقاز، کۆچیان کرد. ئەوان لە کۆمەڵگەیەکی فرە جۆرەوە، لەو شوێنە نوێیانەدا بوونە کۆمەڵ کۆمەڵی ئیتنی جیاجیا.
کەلتووری کور-ئاراس هەر زوو بەرەو خۆرئاوا بڵاو بووەوە تا گەیشتە دەشتاییەکانی ئەرزەڕۆم، باشووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی وان، باشووری دەریاچەی ورمێ و دواتریش بەشێک لە لێڤانت. بەشێکی زۆری ئەرمەنستان، ئازەربایجان، چیچان، داغستان، گورجستان، ئینگوشیتیا و باکووری ئۆسیتیای تەنیبوو. دەگووترێ ئەو کەلتوورە لە کەلتوورێکی هاوچەرخ بە ناوی (مایکۆپ) لە باکووری قەوقازە، نزیک بووە.


هەرچەندە کەلتووری کور-ئاراس کەلتوورێکی تەواو لەوانی دیکە جیایە، بەڵام جۆرە هاوبەشییەکی لەگەڵ کەلتووری ئوروک لە میسۆپۆتامیادا هەیە. دۆزراوەکانی مالیدیا یان میدووا (بە تورکی ئەرسلان تەپە) لە باکوور، هەندێ لەو لێکچوونانە نیشان دەدات. ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، ئەرسلان تەپە سووتاوە، دوای ئەوە کەلتووری کور-ئاراس دەرکەوتووە. دۆزراوەکانی گڵسازیی لە گرێ سوس (سۆس هۆیوک) لە ئەرزەڕۆم خەسڵەتەکانی یەکەمین گڵسازییەکانی کور-ئاراسیان تێدایە.
ئابووری ئەو ناوچەیەی کەلتووری کور-ئاراسی لێ دەرکەوتووە، ئاژەڵداریی و کشتوکاڵ بووە. بەر لەوە هیچ ئێسقانی وڵاخ نەدۆزراوەتەوە، دوای ساڵی ٣٣٠٠ بەر لە زایین، ئێسقانی زۆری وڵاخ دەرکەوتووە، ئەوانە بەڵگەی ماڵییکردنی وڵاخن. هەر لەو کاتەدا ماڵییکردن و ئاژەڵداریی مەڕو ماڵات هەبووە و پشتیان بە کشتوکاڵ بەستووە. بۆچوونێکیش هەیە دەڵێ، کەلتوورەکە سەرەتا لە ڕۆژهەلاتی باشووری تورکیای ئێستە دەرکەوتووە، لەوێوە گوازراوەتەوە بۆ قەوقاز، لە قەوقاز کاریگەریی کۆلتووری ناوچەی قەوقازی لەسەر بووەو و جارێکی دیکە بەر کاریگەرییانەوە گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵاتی باشووری تورکیا Giulio Palumbi (2008).


شێوازی گڵسازی کور-ئاراس تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، لەسەر ڕێگەکانی بازرگانیکردنی ئەو کاتە بڵاو بووە. بە ڕەش و سوور ڕەنگ کرابوون و نەخشی ئەندازەییان لەسەر هەبووە. نموونەکانی گڵسازیی کەلتووری کور-ئاراس لەوپەڕی باکووری داغستان و چیچان دۆزراونەتەوە. دۆزینەوەی ئەو گڵسازییانە لەگەڵ شوێنەواری داگیرکاریی لەر شوێنانە ئەوەمان بۆ دەردەخات کۆمەڵگەی کور-ئاراس لە ناوچەکانی خۆیانەوە بەرەو دەرەوە هێرشیان بردووە و شوێنی دیکەیان داگیر کردووە.
بەڵگەکانی شوێنەوارناسان لە هەڵکۆڵینەکان دەستیان کەوتووە لە شوێنەوارەکانی دەورووبەری ڕووباری هرازدان لە ئەرمەنستانی ئێستە، وا نیشان دەدەن کۆمەڵگەکانی ئەو کەلتوورە زۆر پێشکەتوو نەبوون. چینبەندییان لە کۆمەڵگەدا لاواز بووە و بۆ ماوەیەکی درێژ هەر وا ماونەتەوە. سەرەتا خانووەکانیان بازنەیی بووە و بە دار و گەڵا و پێستی ئاژەڵ داپۆشراو بووە. دواتر دیواری بە بەرد هەڵچنراو و خانووی لاکێشەی یەک ژوور و دوو ژوور دەرکەتوون.


لە قۆناغێکیدا، نیشتەجێیەکانیان لە دەشتایی و دەم ئاوەکانەوە بەرەو بەرزاییەکان چووە. بە پێی هەندێک لێکدانەوە، مەزەندە وایە لەو کاتەدا کەمێک لە کشتوکاڵ دوور کەوتبنەوە و زۆرتر بەرەو ئاژەڵداری و گەڕان بەدوای لەوەڕگەکاندا چووبن و وەکو بەڵگە بۆ گەیشتنی هیندۆ-ئەوروپاییەکان بۆ ناوچەکانی کەلتووری کور-ئاراس، دایدەنێن. نیشتەجێی شینگاڤیت لە یەریڤانی ئەرمەنستان شوێنێکی ناسراو و بەناوبانگی کەلتووری کور-ئاراسە. لەنێوان ٣٢٠٠ تا ٢٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین بە بەردەوامیی ژیانی تێدا بووە. دواتر تا ٢٢٠٠ ناوە ناوە ژیانی تێدا بووە. ڕووبەری ٦ هێکتاری هەبووە و لە نیشتەجێیە گەورەکانی کەلتووری کور-ئاراسە.


بیردۆزێک لە لایەن شوێنەواراناسی کەنەدا ستیفن باتیوک، شارەزا لە شوێنەوارەکانی چاخی برۆنز و ئاسن لە ڕۆژهەڵاتی نزیک خراوەتە بەردەست، پێی وایە تەکنیکی دروستکردنی شەرابی ترێ لە قەوقازەوە بۆ ئەنادۆڵ و میسۆپۆتامیا گوازراوەتەوە. کۆنترین بەڵگەی دروستکردنی شەرابی ترێ لە شوێنەواری گاداچریلی لە گورجستان (جۆرجیا) دۆزراوەتەوە و تەمەنی بۆ ٦٠٠٠ ساڵ بەر لەزایین دەگەڕێتەوە. کەواتە بەر لە دەرکەوتنی کولتووری کور-ئاراس بووە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کەلتوورەکە، چۆنییەتی دروستکردنی شەرابیش بڵاو بووەتەوە.
سەرچاوە:

 

https://en.wikipedia.org/wiki/Kura%E2%80%93Araxes_culture

 

سەرنجی بەکارهێنەران
*ناوی یەکەم و ناوی کۆتایی
* ئیمەیڵ
* دەقی پەیام

بە نزیکی
*ناوی یەکەم و ناوی کۆتایی
* ئیمەیڵ
* دەقی پەیام

0 بۆچوون