menusearch
ku.bnkayjin.com

جینی یەکەمین شوانکارەکانی زاگرۆس

Ku | Fa
8/20/2024 12:01:54 AM
(0)
(0)
جینی یەکەمین شوانکارەکانی زاگرۆس
جینی یەکەمین شوانکارەکانی زاگرۆس

جینی یەکەمین شوانکارەکانی زاگرۆس

 

 

هەڵکەوت محەمەد پشدەری


بەشی دووەم:

 


لە هەوڵی دۆزینەوەی مێژووی ئەو کۆمەڵگەیەی ژنەکەی گەنج دارەی تێدا ژیاوە، ئامرازێکی دیکەی بۆ ماوەیی بە ناوی Homozygosity بەکارهێندراوە، ئەو ئامرازە لە دیاریکردنی ڕەچەڵەک و باب و باپیران شوێنپەنجەی دیارە. هۆمۆزایگۆسییتی واتا ئەو جینانەی وەکو یەک لە دایک و باوکەوە بۆ وەچە دێن. نموونەکەی GD13a نیشانی دەدات ئەو کۆمەڵگە بچووکەی لە گەنج دارە هەبووە بەرەو قڕ بوون نەچووە. بە پێچەوانەوە ئەوانەی لە قەوقاز و ئەناتۆلیا بوون و دواتر بەرەو ئەوروپا چوون تووشی بارێک بوون هاتوونەتە سەر لێواری قڕبوون. جا ئایا لە ئەنجامی نەبوونی خواردن و ڕاوی باش بووە یان هۆکاری دیکە هەبووە، دیار نییە. لە لایەکەی دیکەوە، کۆمەڵگەکەی گەنج دارە کێشەی دەست گەیشتنی بە سەرچاوەی خواردن ئاسانتر بووە و یەکەمین مێگەلە بزنی لێ ماڵییکراوە.
دەکرێ کەمێک دووری جینی ژنەکەی گەنج دارە لە چاو دراوسێکانی ناوچەی قەوقاز بۆ ڕابردووی دوورتر بگەڕێتەوە. چونکە جینەکانی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی قەوقاز لە جینەکانی کۆمەڵە راوچی و جووتیارەکانی ئەناتۆلیا و کۆمەڵە ڕاوچییەکانی ڕۆژئاوای قەوقاز نزیکە. رەنگە لە کۆمەڵەیەکی کۆنتر لە هەردوو کۆمەڵەکەی سەرەوە جینی میوان بۆ GD13a هاتبی و بەر لە جیابوونەوەی ئەو دوو کۆمەڵەیە، ڕوویدابێت. ئەگەریش هەیە بەڵام یەکلاکەرەوە نییە، لە کاتێکی درەنگتر هەندێ جین لە کۆمەڵە ڕاوچییاکەنی هەردوو ناوچەی قەوقاز و ئەناتلۆیاوە بۆی هاتبێت.
خوێندنەوەی زانیارییە وردەکانی جینی ژنەکەی گەنج دارە دەریدەخات وەکو ئەوانەی لە قەوقاز و ئەناتۆلیا، سەر و قژی ڕەش و چاو قاوەیی بووە. ئەو جینەی ڕەنگی پێستی مرۆڤ کاڵ دەکات، نەیبووە. بەڵام ئەگەر زۆرە بەشێکی ئەو جینەی هەبووبێت (یەک ئەلێلێ). ئەو بەشەی ئەو جینە لە جووتیار و کۆمەڵە ڕاوچییەکانی قەوقاز دۆزراونەتەوە. ئەو کەسە جینی هەرسکردنی شیریشی نەبووە. جینی هەرسکردنی شیر لە ئەوروپاییەکاندا هەیە بەڵام زۆربەی خەڵکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و قەوقاز ئەو جینەیان نییە، بۆیە بە خواردنەوەی شیر تووشی خراپ هەرسکردن و ئازار دەبن.
لەوانەیە جووتیارانی هاوشان و هاوژیانی ژنەکەی GD13a لە کۆچ و بڵاوبوونەوەیان بەرەو ڕۆژهەڵات و کشتوکاڵیان لە ڕۆژهەڵاتی نزیکەوە گواستبێتەوە. لە هەزارەی شەشەمی پێش زایین گەیشتوونەتە تورکمانستان و لە دوای ئەوێوە زۆرتر بەرەو ڕۆژهەڵات تا دۆڵی ئیندوس لە هیندستان، بەردەوام لە تەشەنە بووە. بەڵام دۆزینەوەی ڕێڕەوێکی ئاوا بە ڕەچەڵەکێکی پاک و بێ خەوشی لەو شێوەیە ئاڵۆزە، چونکە کۆچێکی دیکەی دانیشتوانی تەختاییەکانی قەوقازیش، کە ڕەچەڵەکی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی قەوقازیان هەیە، لە سەردەمی برۆنزیدا بۆ هەمان ئەو ناوچەیە، هەبووە. هەوڵدراوە بە بەراوردی نێوان ژنەکەی گەنج دارە و کۆتیاس (دۆزراوەیەکی مرۆڤێکی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی قەوقازە) جینی هیندییەکان بۆ یەکێک لەو دوو کۆچە بگەڕیندرێتەوە. پشکنینەکان دەریدەخەن هەردوو کۆچ وەکو یەک دەستیان لە پێکهاتەی بۆماوەیی و جینەکانی هیندییەکاندا هەیە.
لەگەل دەرکەوتنی دوایین چاخی بەستەڵەک، ژیان لە ناوچەکانی قەوقاز و باکووری ئوراسیا نزیکە ئەستم بوو. بۆیە دور نییە کۆمەڵە ڕاوچییەکانی ئەو ناوچە ساردانە بەرەو باشوور کۆچیان کردبێ و ڕۆژئاواییەکانی لە ڕۆژهەڵاتییەکان جیا کردبێتەوە. لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئاسیای ناوەڕاست و باکووری ڕۆژهەڵاتی نزیک، بەستەڵەک گرفتێکی گەورە نەبووە، بەڵام چۆن مرۆڤ لەگەڵ ئەو کەشوهەوا ساردە هەڵی کردووە، جارێ وێنەی ڕوونمان لەو بارەیەوە دەست نەکەوتووە. بەڵام لێکدانەوەی ئەوەی چۆن مرۆڤی کۆنی ئەوکاتە بەرگەی ئەو سەرمایەی گرتووە ئەوەیە تێکەڵبوونی نیاندرتاڵ لەگەڵ مرۆڤی نوێ ئەو بەرگگرتنەی لە نیاندرتالەوە بۆ مرۆڤی نوی هێنابیت. بەشێک لە لەێکدانەوەی ئەوەی بۆچی جینەکانی ژنەکەی گەنج دارە کەمێک لەوانەی قەوقاز دوورترە وەک لەوانەی لە ئەناتۆلیا ژیاون، ئەوەیە دەکرێت ئەو جیابوونەوەی لە چاخی بەستەڵەک لە نێوان کۆمەڵە مرۆڤەکاندا ڕوویدابێت، ئەو جیاوازیی و دوورییەی دروست کردبێت.
ئەو کۆمەڵگەیەی لە گەنج دارە هەبووە و ژنەکەی GD13a لەگەڵیاندا ژیاوە، لە چاو ئەوانەی لە قەوقاز و ئەناتۆلیا لە دوایین چاخی بەستەڵەکدا ژیاون، لە کەشوهەوایەکی تاڕاددەیەک مام ناوەند بوون. کاریگەری بەستەڵەکەکانی چاخی بەستەڵەک ئەوەندەی تەنگ پێ هەڵنەچنیون، ئەو زانیارییانە لە جینەکانی نموونەکەدا دەرکەوتوون. بەڵام ناتوانین بە تەواوی بزانین کەشوهەوای ئەوکاتەی بەرزاییەکانی زاگرۆس چۆن بوون. دەبێ باپیرەی هەردوو کۆمەڵەکەی گەنج دارە و ئەوانەی لە ئەناتۆلیا ژیاون و لەگەڵ نموونەکەی گەنج دارە نزیکییەکی کەمی جینەکانیان هەیە، لە چاخی بەستەڵەکدا لە باشووری یان ڕۆژهەڵاتی قەوقاز ژیابن، چونکە لەوێ کەشوهەوا کەمێک لەبارتر بووە. خۆ ئەگەریش هەیە هەر لە هەمان ناوچەی خۆیاندا لە حەشارگە و مۆڵگە کەمێک لاچەپەک خۆیان داڵدە دابێ. چەند شوێنەوارێک لە نزیک گەنج دارە هەن، لەو کاتەدا ژیانیان تێدا بووە.
شوێن پێی کۆمەڵگە کشتوکاڵسازەکانی دوای شۆڕشی کشتوکاڵ تۆماری شوێنەوارناسیی ئەو ناوچەیەی دەوڵەمەند کردووە و دەریدەخات کشتوکاڵ لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک (واتا دامێنی چیاکانی زاگرۆس) بەرەو ناوەڕاست و باشووری ئاسیا چووە. شییکردنەوەکانی جینناسیی و شوێنەوارناسیی بەدووری نازانن ئەو ڕەگەی ئۆراسیایی لە دانیشتووانی ئەو بەشەی ئاسیادا هەیە، بۆ هەر کام لە سێ سەرچاوەی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی قەوقاز، کۆتیاسەکان و یان ئەوانەی لە گەنج دارە ژیاون، بگەڕێتەوە. واتا ڕەگەکەی ئۆراسیایی لە یەکێک لەو سێ کۆمەڵەوە بەرەو ئەوێ چووە. هەرچەندە هەبوونی ڕەگێکی دیکەی رۆژئاوای ئوراسیا لە ناو هیندەکاندا بۆ کۆچەکانی چاخی برۆنز دەگەڕێتەوە و کۆتیاسەکان ئەو سەرچاوەیەن، بەڵام توێژینەوەی دیکە هەن پێیان وایە ڕەگەکە لەوەی چاخی برۆنز کۆنترە و خزمایەتیی لەگەڵ ژنەکەی گەنج دارە، هەیە.
لە ناوچەکانی ناوەڕاستی زاگرۆسدا، تێکڕای ئابووری و ئاراستەی ئابووری کۆمەڵگەکانی ئەو کاتە بەرەو کۆتایی چاخی بەردیینی نوێ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنیکی دیکە جیاوازی گەورەی هەبووە. ئەوەتا کۆنترین بەڵگەی ماڵییکردنی بزن لە گەنج دارەی دامێنی چیاکانی زاگرۆسە. زۆر توێژیەنەوەی ڕووەکناسیی شوێنەوارناسیی (بەشێکی هەرە گرنگی شوێنەوارناسیی و مێژووی کشتوکاڵ شییدەکاتەوە) و لە پاڵیاندا توێژینەوە نوێیەکانی جینناسیی لە جیهاندا بەرەو ئەو ئەنجامە دەڕۆن بڵێن کشتوکاڵیش هەر لە دامێنی چیاکانی زاگرۆس دەرکەوتووە. هەر لە شوێنەواری شێخ ئاباد کە تەمەنی لە نێوان ١١٦٥٠-٩٦٠٠ ساڵە، کۆنترین بەڵگەی چاندنی جۆ هەیە.
سەرچاوەکان:
1. جینەکانی شوانکارێکی زاگرۆس لە چاخی بەردیینی نوێدا، گالیگۆ لۆرێنتێ و تیمەکەی
2. پێداچوونەوە بە نەخشە ڕێگای دەرکەوتنی کشتوکاڵ لە باشووری لێڤانت و ڕۆڵی گۆڕانی کەشوهەوای سەردەمی دوایین چاخی بەستەڵەک، س. بلۆکلیی
3. سەرچاوە و بڵاوبوونەوە لە چاخی بەردینی نوێ بە بەکارهێنانی جینە کۆنەکان، گالیگۆ لۆرێنتێ.
4. سەرچاوە و بڵاوبوونەوەی کشتوکاڵ و شوانکاری لە ئۆراسیا، دەیڤد هاریس.